عه‌مید دیدار: ژماره‌یه‌ك بڕیار ده‌رچووه بۆ ئاسانكاریی ده‌ركردنی پاسپۆرت
عه‌مید دیدار عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پاسپۆرتی پارێزگای هه‌ولێر له دیمانه‌یه‌كی “وشه”دا رای ده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌یه‌ك بڕیاری نوێ له‌باره‌ی نوێكردنه‌وه‌ی پاسپۆرت كه زیاتر له ساڵێكیشی مابێت بۆ به‌سه‌رچوون و دانانی ناسناو له‌سه‌ر پاسپۆرت و وه‌رگرتنه‌وه‌ی له یه‌ك رۆژدا ده‌رچووه كه ئاسانكارین بۆ هاووڵاتییان. ئه‌وه‌یش ئاشكرا ده‌كات كه له‌مساڵدا 76 هه‌زار پاسپۆرتیان ده‌ركردووه و 15 حاڵه‌تی ساخته‌كارییان گرتووه.
ده‌گوترێ ژماره‌ی پاسپۆرت كه‌متر له جاران له به‌غداوه ره‌وانه‌ی كوردستان ده‌كرێ. ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
ئێسته مانگانه پێنج هه‌زار پاسپۆرت به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت كه ئه‌ویش پێویستی به‌وه‌یه چه‌ند ئه‌فسه‌رێك سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن و هه‌ندێك جار چه‌ند رۆژێك له‌وێ ده‌مێننه‌وه بۆ وه‌رگرتنی پاسپۆرته‌كان.
كاروباری ده‌ركردن یاخۆ نوێكردنه‌وه‌ی پاسپۆرت ئێسته چۆن ده‌ڕوات؟
به‌هۆی ئه‌و سیستمه نوێیه‌ی كه هه‌موو عێراقی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێكه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه و هه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وێنه‌ی داواكاری پاسپۆرت ده‌گرین، هه‌ندێك ورده كێشه هه‌یه كه هی تازه‌یی سیستمه‌كه‌یه و هه‌وڵێكه بۆ بنبڕكردنی حاڵه‌تی ساخته‌كاری، بۆیه پاسپۆرت كه‌مێك دوا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام به گشتیی له چوار رۆژدا ده‌رده‌چێ.
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی پاسپۆرتیان ون بووه یاخۆ ته‌ڕ بووه و به‌هه‌ر هۆیه‌ك نه‌ماوه، چاره‌سه‌ری چییه؟
ئه‌وانه ده‌توانن دوای ده‌رچوونی بڕیاری دادگا له‌باره‌ی نه‌مانی پاسپۆرته‌كه‌یان، داوای پاسپۆرتی نوێ بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه ژماره‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پاسپۆرت له به‌غدا به‌خۆوه ده‌گرێت، كاتی ده‌رچوونی پاسپۆرته نوێیه‌كه‌ی زۆرتری پێویسته له هاووڵاتییه‌كی تر كه كێشه‌ی نییه، به‌لای كه‌مه‌وه 21 رۆژی پێویسته بۆ ره‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ر ده‌ركردنی پاسپۆرته نوێیه‌كه‌ی.
كه‌سێك بیه‌وێت پاسپۆرته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه و گه‌شتی درێژ بكات كه زیاتر له ساڵێك كاتی مابێت، ده‌توانێ داوای پاسپۆرتی نوێ بكات؟
ژماره‌یه‌ك بڕیار بۆ ئاسانكاری ده‌رچوون له‌باره‌ی پاسپۆرته‌كه كه هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش ده‌گرێته‌وه، له‌وانه: كه‌سێك دوو ساڵیشی مابێت، بیه‌وێت پاسپۆرت نوێ بكاته‌وه، بڕێك پاره ده‌ژمێرێت و بۆی نوێ ده‌كرێته‌وه. یان كه‌سێك كاری به په‌له‌ی هه‌بێت و بیه‌وێت له یه‌ك رۆژدا پاسپۆرته‌كه‌ی وه‌ربگرێته‌وه، به‌هه‌مان شێوه 250 هه‌زار دینار ده‌دات و كاره‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرێت له هه‌مان رۆژدا. ئه‌وانه‌یشی كه‌متر له ساڵێك ماوه پاسپۆرته‌كه‌یان به‌سه‌ر بچێت، ئاسایی ده‌توانن داوای نوێكردنه‌وه‌ی بكات. بڕیارێكی تر ئه‌وه‌یه كه‌سێك بیه‌وێت جگه له ناوی سیانی خۆی “ناسناو” له‌سه‌ر پاسپۆرت دابنێت، به‌هه‌مان شێوه بۆی ده‌نووسرێت به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ناسناوه له به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمیدا هه‌بێت وه‌ك كارتی مانه‌وه‌ی ئه‌وروپا كه زۆر كه‌س له‌وێ ناسناوی تری وه‌رگرتووه، به ژماردنی 25 هه‌زار دینار ناسناوه‌كه‌ی زیاد ده‌كرێ، ئه‌م حاڵه‌ته زۆرتر په‌نابه‌رانی ئه‌وروپا سوودی لێ وه‌رده‌گرن.
به گشتی له‌م 11 مانگه‌دا له هه‌ولێر چه‌ند پاسپۆرت ده‌رچووه؟
له یهگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ئه‌مساڵ 2017 تا یه‌كی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پاسپۆرتی هه‌ولێر 76 هه‌زار و 41 پاسپۆرت ده‌رچووه.
چه‌ند حاڵه‌تی ساخته‌كاری هه‌بووه؟
له هه‌مان ماوه‌ی ئه‌مساڵدا 15 حاڵه‌تی هه‌وڵی ساخته‌كاری هه‌بووه و گیراون و ره‌وانه‌ی نه‌هێشتنی تاوان كراون، له‌وێوه ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن و حوكمه‌كه‌یان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به‌ڵام به گشتیی حاڵه‌تی ساخته‌كاری كه‌م بووه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆماری نفووس و ناسنامه‌ی هه‌موو كوردستان‌مان لا هه‌یه به سێ فلته‌ردا وردبینی بۆ ناوی هه‌ر كه‌سێك ده‌كرێ، ئینجا ده‌چێته ناو رێوشوێنی ده‌ركردنی پاسپۆرته‌وه، له هه‌ریه‌ك له‌و فلته‌رانه‌دا كێشه‌یه‌ك له ناو یاخۆ ناوی دایك یان گۆڕینی ته‌مه‌ن هه‌بێت، كه‌سه‌كه ده‌گیرێت و ره‌وانه‌ی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان ده‌كرێ.
باشه حاڵه‌ته‌كانی ساخته‌كاری چۆنن؟
ساخته‌كاری له گۆڕینی ناو، یان ته‌مه‌ن، یان گۆڕینی زانیاری تری سه‌ر نفووس، یان كه‌سی تر كه شێوه‌ی گونجاو بێت له‌بری كه‌سێك په‌نجه مۆر بكات، ئه‌وانه جۆره‌كانی ساختهكارین. جۆری تریش هه‌یه كه زۆر ده‌گمه‌نه و ئێمه ده‌یناسینه‌وه.
ئه‌ی بۆ حاڵه‌تی ئه‌وانه‌ی هی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن، بۆ نموونه ئێسته ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ئاواره‌ی كه‌ركووك روویان له كوردستان كردووه، چۆن كار بۆ ئه‌وان ده‌كه‌ن؟
ئاواره‌كانی كه‌ركووك هێشتا له‌لایه‌ن به‌غداوه رێنوێنی نه‌هاتووه كه چۆن كاریان بۆ بكه‌ین، بۆیه تا ئێسته كاروباری پاسپۆرتی ئه‌وان لای ئێمه ناكرێت و چه‌ند حاڵه‌تێكیش سه‌ردانیان كردووین، بۆمان روون كردنه‌وه كه ناتوانین پاسپۆرتیان بۆ نوێ بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌غدا له پێوه‌ندیداین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه، بۆیه ته‌نیا له حاڵه‌تی كه‌سێك فۆرمی خۆراكی هه‌ولێر بێت و كارتی زانیارییه‌كه‌ی هی كه‌ركووك بێت، واته دانیشتووی كه‌ركووك بێت، ده‌توانین پاسپۆرتی بۆ ده‌ربكه‌ین، به‌ڵام هیچ حاڵه‌تێكی تر ناتوانین.
كه‌واته چۆن مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانی مووسڵ و ئه‌نبار كرد كه ماوه‌یه‌كی درێژ له ئاواره‌ییدا مانه‌وه و شاره‌كانیان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پاسپۆرتی نه‌ما؟
حاڵه‌تی ئه‌وان به دانانی ژوورێكی كردهوهگهل له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پاسپۆرت له به‌غدا چاره‌سه‌ر كرا و رێنوێنی به ئێمه‌ش درا كه كاروباریی پاسپۆرتیان بۆ رایی بكه‌ین، بۆیه ئه‌وانه‌ی دۆكیۆمێنتی ته‌واویان پێ بوو داوای پاسپۆرتیان ده‌كرد، بۆمان ده‌ركردن. هه‌وڵ ده‌ده‌ین چاره‌سه‌ری حاڵه‌تی كه‌ركووكییه‌كانیش بكه‌ین.
وشه/ هه‌ولێر- فه‌یسه‌ڵ شێخانی