سەرەکی / هەواڵی ڕۆژنامەکان / سیستەمی پێدانی پاسپۆرت دەگۆڕدرێت

سیستەمی پێدانی پاسپۆرت دەگۆڕدرێت

بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای ھەولێر ئاشکرای دەکات، سیستەمی پاسپۆرت لە تەواوی عێراقدا گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو گۆڕانکارییە. ئاماژە بەوەش دەدات، سیستەمەکەی پێشوو ماوەی ھەشت ساڵە کاری پێ دەکرێت و جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ ئەوەی ئێستا.

عەمیدی مافپەروەر، دیدار عومەر قادر، بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای ھەولێر، تایبەت بە (باس) رای گەیاند، سیستەمی پاسپۆرت لە تەواوی عێراق گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە و ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو گۆڕانکارییە، سیستەمەکەی پێشوو ماوەی ھەشت ساڵە کاری پێ دەکرێت و جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ ئەوەی ئێستا، لە ئەمڕۆوە  بەپێی سیستەمە نوێیەکە دەست بەکار دەکەینەوە.

گوتیشی: ”پێشتر ھاووڵاتییان دەچوون ناسنامە و رەگەزنامەیان کۆپیی دەکرد، لەگەڵ فۆڕمی خۆراک و کارتی زانیاری، ھەروەھا دەبوو دوو وێنەی تایبەت بە پاسپۆرتیش لەگەڵ خۆیاندا بھێنن، بەڵام لەوەی ئێستا ئەو شتانەی ھیچ پێویست ناکات و ھەر لەناو بینای بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرت وێنەی کەسەکە و ناسنامە و بەڵگەنامەکانی سکان دەکرێن، کە ھاوشێوەی کارتی نیشتمانی دەبێت“.

بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای ھەولێر، ئاماژەی بەوەش دا، ھاووڵاتی دەتوانێ پێش مامەڵەکەی، فۆڕمی تایبەت لە وێبسایتی بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرتی گشتیی پڕ بکاتەوە، ئەوەش کارئاسانیی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان دەکات، گوتیشی: ”جگە لەوەش، شێوەی لاپەڕەی یەکەمی پاسپۆرتەکە گۆڕانکاری لە نووسینی (بارکۆد)یدا کراوە، کە گەرەنتیی ئەوەی ھەیە بە ھیچ شێوەیەک ساختە نەکرێت، یان ئەگەر ساختەش کرا، زۆر بە ئاسانی دەردەکەوێت“.

عەمید دیدار، ئەوەشی روون کردەوە کە زیاتر لە 15 کارمەند و پلەداری بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرت لە بەغدا، بەشدارییان لە خولی فێربوونی سیستەمی نوێدا کردووە و ئێستا دەستبەکار بوون و ھیچ کێشەیەکیان بۆ راییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان بەو سیستەمە نوێیە نییە، گوتی: ”پێشتر ژمارەی ئەو کۆمپیوتەرانەی کە مامەڵەی ھاووڵاتییانیان رایی دەکرد 9 کۆمپیوتەر بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 19 کۆمپیوتەر، ئەوەش وا دەکات کاروبارەکان ئاسانتر و خێراتر بن و ھاووڵاتییان بە ئاسانتر کاروبارەکانیان رایی بکەن“.

ھەروەھا داواشی لە ھاووڵاتییان کرد، ئەو منداڵانەی لە خوار  تەمەنی 18 ساڵیدان و باوکیان لەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانە، ئەوا باوکیان دەتوانێ وەکالەی تایبەت بە دەرھێنانی پاسپۆرت بۆ دایکیان بکات، بە مەرجێ لە باڵوێزخانەکانی عێراق، لەو وڵاتەی تیایدا نیشتەجێیە، دانی پێدا بنرێت و رەوانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکرێت لە بەغدا، گوتی: ”بە ھەموو بەڕێوبەرایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی زۆرمان دا کە نوێکردنەوەی پاسپۆرت بە ساڵێک بمێنێتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسە عێراقییەکان پێداگیرییان دەکرد لەوەی کە شەش مانگ بێت“.

گوتیشی: ”بەڵێنی ئەوەشیان داوە کە چیتر کێشەی نەبوونی شەبەکەی ئینتەرنێت نەمێنێت، کە پێشتر ھاووڵاتییان لە کاتی دەرھێنان یان وەرگرتنەوە رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبوونەوە“.

 

دەربارە Hawler Passport

ئەم بابەتەش ببینە

عه‌مید دیدار: ژماره‌یه‌ك بڕیار ده‌رچووه‌ بۆ ئاسانكاریی ده‌ركردنی پاسپۆرت

عه‌مید دیدار: ژماره‌یه‌ك بڕیار ده‌رچووه‌ بۆ ئاسانكاریی ده‌ركردنی پاسپۆرت عه‌مید دیدار عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پاسپۆرتی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *