رووداو – هەولێر
سیستەمی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگۆڕێت و رۆتینیاتەکان کەمدەکرێنەوە. بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێریش داوا لەو کەسانە دەکات کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا مامەڵەیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتەکەیان کردووە و پاسپۆرتەکانیان وەرنەگرتوونەتەوە، بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان سەردانیان بکەن.
بۆ سەرجەم پارێزگاکان هەمان رێککار دەگیرێتەبەر و ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا پاسپۆرتەکانیان وەرنەگرنەوە، ئەوا رەوانەی بەغدا دەکرێنەوە، ئینجا خاوەنەکانیان دەبێ بچن لە بەغدا وەریان بگرنەوە.
عەمیدی مافپەروەر دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵدەستین بە گۆڕینی سیستەمی پاسپۆرت کە سیستەمێکی باشترە لەوەی ئێستا، بۆیە داوا لە هاونیشتمانیان دەکەین ئەوانەی مامەڵەیان کردووە و پاسپۆرتیان دەرچووە، بەڵام تائێستا وەریان نەگرتووەتەوە، سەردانمان بکەن و پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە.
دیدار عومەر هەروەها گوتی: “تەنیا لای ئێمە نزیکەی 5 هەزار پاسپۆرت دەبن و خاوەنەکانیان نەهاتوون وەریان بگرنەوە، ئەگەر لەماوەی ئەم دوو هەفتەیە نەیەن، بەناچاری پاسپۆرتەکان رەوانەی بەغدا دەکەینەوە، ئەوکاتە دەبێت ئەو کەسانە خۆیان بچنە بەغدا پاسەپۆرتەکانیان بهێننەوە، چونکە سیستەمەکە دەگۆڕێت و ئێمە ناتوانین بیاندەینەوە”.
لەبارەی سیستەمە نوێیەکە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر روونکردنەوەی داو گوتی: “سیستەمەکە لەبەرژەوەندی خەڵکە. ئەرشیفکردنی مامەڵەکان کەمتر دەبێت. هەروەها لەمەودوا کۆپی بەڵگەنامەکانی ناوێت. تەنیا فۆرمێکە و پڕیدەکەیتەوە و راستەوخۆ لە سیستەمەکە تۆماردەکرێت. لەکاتی وەرگرتنی مامەڵەش هەر کەسێک کە ئامادەدەبێت بە کامێرای خۆمان وێنەی دەگرین، بۆیە پێویست بە وێنەش ناکات”.