بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ(باس)دا تیشک دەخاتە سەر کێشەی دەفتەری پاسپۆرت و ئاماژە بەوەش دەدات، لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 50 هەزار پاسپۆرتمان بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.
عەمیدی مافپەروەر دیدار قادر، بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، بۆ (باس) رای گەیاند: ”کێشەی دەفتەری پاسپۆرتمان لەگەڵ بەغدا بەتەواوی چارەسەر کردووە و ئێستا هاووڵاتییان بەئاسایی دەتوانن پاسپۆرتەکانیان دەربهێنن یان نوێی بکەنەوە“. روونیشی کردەوە: ”پێشتر دەفتەری پاسپۆرت کەمی کردبوو، چونکە لە بەغداوە بۆمان نەدەهات، چەند دانەیەکی یەدەگمان هەبوو بۆ کاتی پێویست بۆ ئیحالەی نەخۆش و ئیفاد و کەسی پێویست، بەڵام بە فشار کردنە سەر بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەو کێشەیەمان بەتەواوی چارەسەر کردووە و بەشی دوو مانگمان بۆ هاتووە، کە نزیکەی 30 هەزار دانە دەبێت، بەڵێنیشیان داوە کە مانگانە بۆمان بنێرن و چیتر رووبەڕووی گرفتی وەها نابینەوە“.
عەمیدی مافپەروەر ئاماژەی بەوەش دا، هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی لە هەر تەمەنێکدا بێت مافی وەرگرتنی پاسپۆرتی هەیە، گوتی: ”ئێستا لە پارێزگای هەولێر دوو نووسینگە هەیە، نووسینگەی یەک کە دەکەوێتە شەقامی ١٠٠ مەتریی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، کە تایبەتە بە نوێکردنەوە و ونبوون و دڕان و سووتان و کاری نوێکردنەوەی پاسپۆت، نووسینگەی دوو کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی شەقڵاوە، پشتی پیشەسازیی باکوور، کاری ئەو نووسینگەیە تایبەتە بەو کەسانەی کە پاسپۆرتیان نییە و دەیانەوێ دەری بهێنن، زۆر جار هاووڵاتییان لە چوونیان بۆ ئەو دوو نووسینگانە هەڵە دەکەن و ئەوەش هەم ئەرکیان زیاد دەکات و هەمیش کارەکەیان دوا دەخات، لەبەرئەوە بە پێویستی دەزانین لەسەر ئەوە روونکردنەوە بدەین“.
هەروەها گوتیشی: ”بە هەوڵی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، کە چەند ئامێرێکی چاپی بۆ دابین کردووین بۆ خێرابوونی راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان، ئەوەش کارەکانی ئێمەی خێرا کردووە و هەروەها ئەرکی ئێمەشی کەم کردووەتەوە، کە بە قازانجی هاووڵاتییانە“.
بەڕێوبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ئاشکراشی کرد، کە چەند رێنماییەکی تازەیان لە بەغداوە بۆ هاتووە، کە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق کاری پێ دەکرێت، هیوادارین کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش پابەند بن پێیەوە، لەم بارەیەوە گوتی: ”یەکێک لەوانە ئەو کەسانەی کە خۆی لەدەرەوەی وڵاتە و منداڵ و خێزانی لە کوردستانن، یان لە عێراقن، ئەوە منداڵی لە خوار تەمەن 18 ساڵ کەمتر بێت، بەبێ ئامادەبوونی یان نەبوونی ڕەزامەندی، پاسپۆرتی پێ نادرێت، بەڵام دەتوانێت ئەو وڵاتەی لێی دەژیت بریکارنامە بۆ خێزانەکەی یان کەسێکی دیکە بکات، بە مەرجێک لە باڵوێزخانەی عێراق پەسەند کرابێت، ئەوە مامەڵەکەی دەڕوات و کێشەی نابێت“.
هەروەها گوتیشی: ”ئەگەر هاتوو هاووڵاتی دوو جار پاسپۆرت ون بکات، ئەوە بۆ ماوەی سێ مانگ پاسپۆرتی پێ نادرێت و دەبێ لە دادگا دۆسێی ونبوونەکەی یەکلا بکاتەوە و دادگا لەمبارەیەوە بڕیار دەدات، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییەک زۆر پەلەی بوو لە دەرهێنانی، ئەوە دەبێت بڕی پارەی 250 هەزار بدات، ئەوەش سیستەمە لە هەموو دونیا پیادە دەکرێت، کە لە هەمان رۆژ پاسپۆرتەکە وەردەگرێتەوە، ئەوەش بە چەکێکی بانکی دەکرێت و پارەکەش دەڕواتە خەزێنەی عێراقی فیدڕاڵ“.
هەر لەبارەی رێنماییەکانەوە، عەمیدی مافپەروەر دیدار عومەر قادر، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر هاتوو پاسپۆرتێک ماوەی شەش مانگی کەمتری مابوو، ئەوە کەسەکە بیەوێ سەفەر بکات لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و کوردستان ڕێگەی پێ نادرێت، چونکە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان دەبێت گەشتیارەکە پاسپۆرتەکەی نوێ بکاتەوە.
ئەو بەرپرسەی پاسپۆرتی هەولێر ئاشکراشی کرد، لەم ساڵدا زۆرترین پاسپۆرتیان داوەتە هاووڵاتییان، گوتی: ”لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 50 هەزار پاسپۆرتمان بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە، کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و هەر ئەوەشە وای کردووە هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پلەی یەکەم بەدەست بهێنین“.
هەروەها گوتیشی: ”پێشتر کێشەیەکی گەورەمان هەبوو لە بەڕێکردنی کاروباری هاووڵاتییان، بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی کە ئاوارەکانی خوارووی عێراق و مووسڵ کردبوویانە سەرمان، کە لێرە کارەکانیان بۆ رایی دەکرا، بەڵام ئێستا بە گەڕانەوەی ئەوان تا سنوورێکی باش فشارەکان لەسەرمان کەم بووەتەوە، لەگەڵ ئەوەش کۆتایی نەهاتووە، چونکە تا ئێستا بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرتی پارێزگای مووسڵ نەکراوەتەوە“.
جێی باسە، بەڕێوبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر لە ساڵانی رابردوو 2013 – 2014 – 2015 – 2016 بەهۆی راییکردنی باشی کاروبارەکانی هاووڵاتییان، لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.